مانگێکی دڵشکاو بەدیار تریفەکەیەوە لە دەریا رادەمێنێ .. حەمە ھاشم



نۆڤلێتی «من لە ماڵی سەرۆک بووم» کە ھاورێم نیھاد جامی نووسیویەتی رێک وەک خۆی دەڵێ ووشەکانی لەبەردەم دەریا نووسراوە ، بۆئەوەی دەریا وەک شاھیدێکی راستگۆ لەشەرحی حاڵی خۆی ئاگادار بکاتەوە ، ئەگەرچی ئەم نووسینەی نیھاد لە رۆمانەکەی« لە ئۆکتۆبەردا کوژرام» پەیوەندیەکی تارادەیەک تەمومژاوی کەمـدەبینرێت ، بەڵام لێرە ھەست بە بابەتگەلێکی تازە دەکەین کە کەمتر لەگەڵ یادەوەرییەکانی نیھاد دا دێتەوە ، مەبەستم یادەوەری نۆستالۆژییە ، زەمەنی رووداوەکان لەیەکەوە نزیکن ، جوگرافیاش پەرش و بڵاو نیە کە نەتوانرێت روداوی تێدا بدۆزینەوە .
نزیکەی ساڵێک بەر لە ئێستا بوو من و نیھاد بەیەکەوە سەفەری ئەوروپامان دەکرد ، من بۆکاری کردنەوەی پیشانگا لە پاریس ، ئەویش یاوەری نەخۆشێک بۆ پۆڵەندا ، من لە دوا ئێوارەی کە لەھەولێر بەیەکەوە بووین و دواتر بردمەوە بۆماڵەوە لەچاوەکانیدا ھەستم بەوە کردبوو کە نیھاد ئەم نیشتمانە بەجێدەھێڵێت و دەبێتە گەریدەیەکی دڵشکاوی بێ نیشتیمان کە لەراستیدا بۆ نیھاد ێەوەی باشتر بوو ، تا لە باوەشی ژنێکدا نیشتمانێکی دیکە بنیات دەنێ لەو خەیاڵە سوریالیانەی کە سلڤادۆردالی ئیلھامی لە نیچە پێوەرگرتبوو ، نیشتمانێک کە تەنھا خۆی وێنای دەکات .
ترس بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی نیھاددا نەک تەنھا لە نووسیندا بەڵکو لە ژیانی رۆژانەشیدا ، نیھاد کاتێک لە شوێنێک کارێک وەردەگرێت ، ھەر ئەو لەحزەیە دڵتەنگ دەبێ بەو بیرکردنەوانەی کە رۆژێک دێت کارەکەی لەدەست دەدات ، کە رستەیەک دەڵێ یەکسەر بیر لە ترسی کاریگەرییەکانی دەکاتەوە بەدەست چەتەیەکەوە ، کە دێرێکـدەنووسێت ترسی لێکەوتە و رووبەرروبوونەوەکانی دێتەوە بەرچاو ، تەنانەت کە عاشقی ژنێکیش دەبێ ترسی ئەو رۆژەـدایدەگرێت کە لێی جیادەبێتەوە و کێشە و ئاشوب و سەرئێشەکانی لێک دەداتەوە ، ئەمـترسە دەروونیە بۆ نیھاد وەک نەریتێکی لێھاتوە لە کاسایەتییدا ، کە بە بڕوای من نیھادی دابڕیوە لە تەلیسمەـدرەوشاوەکانی کۆمەڵگا و نزیک بوونەوە لە مرۆڤەکان .
ھەربۆیەشە لە نۆڤلێتەکەیدا بێ ئەوەی تاوانێکی کردبێت گومان و تۆمەت بۆخۆی درووست دەکات کە لە بنەچەدا کردارێکی نەرێنییە لەسەرتێکرای ژیانی .
چێژ وەرگرتن لەم نۆڤلێتە بەشێک پەیوەندی بە ھۆشیاری جوان بینی و ئیستاتیکی خوێنەرەوە ھەیە ، بەشێکی دیکەی رەنگە خوێنەری کورد ئیزعاج بکات ناوھێنانی شوێنی روداوەکانە بە ناوە بیانیەکانیان بێ روونکردنەوە بۆ نموونە «بانھۆڤ» کەسێک کە شارەزانەبێت نازانێ واتا وێستگەی شەمەندەفەر یان زۆرێک لە ووشەی دیکە ، ھەرچەندە ئەمە ھیچ لە بەھای جوانی کارەکە کەم ناکاتەوە .
چێژ وەرگرتن لە نووسینی کورت کە وەستایانە پەیوەندی دیمەنەکان لە گێڕانەوەدا دروست دەکات بۆخۆی جۆرێکە لە ھێزی نووسینەکە ..
نیھاد کوڕێکە سەری پڕە لە چیرۆکی رەنگاو رەنگ ، بە شانۆ یان نووسین یان رۆژێک بێت بە وێنەکێشان دەتوانێ چاوی ووشکی ئێمەی پێ ئاوبدا .

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

"من لە ماڵی سەرۆك بووم" وردبینی و سەلیقە و دەردە دڵێك لەگەڵ تەنیایی.. ڕێباز حسن

رێبوار سیوەیلی: ئه‌وه‌ دووه‌مینجاره‌ تووشی شۆكی گێڕانه‌وه‌م ده‌كه‌یت

ڕۆمانێکی تەواو نەکراو.... حسەین لەتیف

سینەی کەوسەر و رۆحی جەللاد.. دڵزار حەسەن

گێڕانەوەی کارەساتەکان لە زەمەنی خۆیدا.. کارزان لەتیف

حەمەی شانۆ: «من لەمالی سەرۆک بووم» کتێبێکە هەڵگری دڵێکە کە هەمیشە خەمی تێدا دەڕژێ

"وشه‌" ڕۆمانی "من له‌ ماڵی سه‌رۆك بووم"ی چاپ كرد

خه‌ونى كوڕى سه‌رۆك و حیكایه‌ته‌ هه‌میشه‌ییه‌كانى نیشتمان.. فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل

من لەماڵی سەرۆک بووم.. بارزان عەلی