من لەماڵی سەرۆک بووم.. بارزان عەلی
ڕۆمانێک ڕابردووی لە ئێستادا، ئێستای لە داهاتوودا.
ڕۆمان فەریادڕەسی نووسەرە، لە پەخشکردن و وێناکردنی ئەو هەست و دید و بۆچونانەی، لە ناخی نووسەر پەنگیان خواردۆتەوە. ئەوەش بە هۆی پەیوەندی خودی، یان گشتی بابەتی پەنگ خواردووە، لێرە نووسەر لە ڕێگەی خەیاڵ و بە خەیاڵکردن، ئەو پەیامەی لە ناخیەتی، لە ڕێگەی فۆڕمێکی ئەدەبی هونەری- کە ڕۆمانە- بەیان دەکات.
لەم ڕۆمانەدا، هەندێ لە گرێیەکان ڕویانداوە، یان ئەشێ ڕووبدەن. ئەوەی لێرە گرینگە، نووسەر لە گێڕانەوەکەیدا- پێچەوانەی مێژوو نووس- لەسەر ڕاست بوون و ڕاست نەبوونی بەسەرهاتە مێژووییەکان، خۆی ناخاتە دوو دڵیەوە. ئەو هەوڵدەدات ڕوداوێک بە شێوەیەکی واتادار بئافرێنێ، لەم خوڵقاندنەشدا نووسەر بە ئاگاییەوە دەستکاری ڕووداوگەلێک ـ کە پەیوەندی بە سەرچاوە ڕەسەنەکەوە نیەــ دەکات، لە گێڕانەوەکەیدا بەکاری دەهێنێت. مەرج نییە ئەم باسە تەنها لە ڕووداو بەرجەستە ببێ، ئەشێ سنورێکی فراوانتر بگرێتە خۆ، لە کات و کەس و شوێنیشدا ڕەنگ بداتەوە.
من لە ماڵی سەرۆک بووم، ئێستایەکە لە داهاتوودا، کایەی سیاسی پاژێکی گرینگی ئەو باسەن، گوزارشتە لە ڕووداوگەلێک لە ماوەیکی کورتی بەر لەئێستا، ڕوویانداوە، ئەو ڕووداوەش کاریگەری تەواوی هەیە بەسەر ئاییندەی نەتەوەیی، یاخوود ئەشێ بە سیناریۆیەکی نوێ و تازەتر، دووبارە ڕووبدەنەوە. ئەو ڕووداوانەش دەرئەنجامی بەرژەوەندخوازی لە بڕیاردان و نەگەڕانەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی و بۆ ماوەیی هەرزەیی سیاسی.
ئەو ڕۆمانە کۆمەڵە باسێک شیدەکاتەوە، بە چ شێوەیەک نووسەران دەبن بە دەستکەلای حزب، حزب بە چ شێوەیەک بەکاریان دێنێت، لە ڕێگەی سوودبینین لە جیهان بینی نووسەر، بۆ شتە باو و بەرباسەکان.
چۆن جەستەی ژن ئەبێتە کاڵای پیاوە سیاسییەکان، تاکو غەریزەی هەوەسیان بەتاڵ بکەنەوە. چۆن پیاوانی سیاسی (شۆفار و خەتمایل) بەرهەمدێنن، تا بە مەرامی بەرامبەر و لەهەمان کات بە مەرامی خۆیان بگەن، چۆن سیاسییەکان بازرگانی به ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن، چۆن دەتوانن خۆیان بگەینن، بە باندی مافیاکانەوە، تا لەوێوە بتوانن بەرژەوەندییەکانی خۆیان ــ خودی یان حزبی ــ بپارێزن. چۆن متمانە خیانەت دێنێتە بەرهەم؟ چۆن ئەشێ خیانەت شتێکی باشبێت؟
ئەو ڕۆمانە، گێڕانەوەی ڕۆمانێکی ترە بە هەمان ناو، لە کتێبێکی ناکامدا، دووای مەرگی نووسەر خراونەتە ڕوو، زە تەکنیکێک نووسراوە، پەی بە ئافراندنی هونەری دەبەی. نووسەر زۆر بە بوێری ڕەخنە لە باڵێکی ـڕونتر برێین کەسێکی باڵاـ حزبێکی دیار دەگرێت، ئەم باڵەخودانی دەنگ و پێگەی سیاسی خۆیەتی، لەم باسەدا نووسەر پێمان دەڵێت، مەج نیە سیاسەت و سیاسەت کردن بۆ ماوەیی بن، بەڵام پیلانگێڕی و وڵاتفرۆشی بۆ ماوەیی دەگوازرێتەوە.
پێمان دەڵێ، مەرج نیە هەر ئافرەتێک لەش فرۆش بوو، هەوەس بازە، یاخود نازانێ عەشق بکات و عاشق بێت، بەڵکو ئەبێ ئەو باسەحەقیقەتێکی تر لە خۆی بگرێت، ئەویش تۆڵە کردنەوەبێت لە هەوەس بازی پیاو (مێرد).
بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر، شتێک نییە لەخۆوەبێت و تەنها مەرام پارەبێت، بەڵکو زۆرجار ئایدیایەک ئەو کارە بەڕێوەی دەبات، کایەی سیاسی بە مەبەستێک ـ زۆرجار شۆفارییەـ ئەمەدەکات.
ئەم باسانە کۆتا دال و مەدلولەکانی ئەوڕۆمانە نین، بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە، کۆمەڵێک ڕازی تر هەڵدێنجی، ڕۆمانێکە شایەنی خوێندنەوە و کات بۆ تەرخان کردنە.
بارزان عەلی ـ
ڕواندز6/5/2019
تعليقات
إرسال تعليق